نووسینی: که‌ریم دانشیار
پێشه‌کی
پانێی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له ناو زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا له سه‌ر ئه‌و ڕێسمهیه ده‌گه‌ڕی، که زه‌مینه‌یه‌کی له‌باریان تێدا پێک بێنێت بۆ ڕنینه‌وه و چنینه‌وه‌ی داهات به مه‌به‌ستی سه‌پاندنی حاکمیه‌تی سیاسی و ئابووریی خۆی له‌و وڵاتانه دا؛ ئه‌مه ئه‌وله‌کاری(ئه‌منییه‌تی)میللیی ئه‌مریکای پێ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.
ئه‌مریکا و رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست
ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست کانگایه‌کی پڕ خێر و به‌ره‌که‌ته بۆ چنینه‌وه و ڕنینه‌وه‌ی ئه‌مریکا و هه‌موو خه‌رته‌ل و چه‌وره و مشه‌خۆرێک. چوار ڕێیانی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده پڕ خێر و بهرهکهتهش به ئێران دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و هه‌ر هێز و ده‌سه‌ڵاتێک گۆپاڵه‌که‌ی له‌و چوارڕێیانه دا بچه‌قێنێ، بێ‌شک گره‌و به‌ری سات و سه‌ودایه و ده‌توانێ چی زلهێزه، به پاشکۆی خۆیه‌وه گرێیان بدات.
ئێران له سه‌رده‌می پههلهوهییهکاندا وه‌ک ماڵی دووه‌می ئه‌مریکای لێهاتبوو، به‌ڵام حه‌مه‌ڕه‌زاشای په‌هله‌وی له ساڵه‌کانی دوایی حکومه‌ته‌که‌یدا تووشی سه‌ره‌ڕۆیی سیاسی و ئابووری هات و له ئاکامدا وه‌به‌ر لووشکی ئه‌مریکا که‌وت و هه‌ڵنه‌ستایه‌وه. به که‌وتنی حکومه‌تی پاشایه‌تی و هێنانه سه‌ر حوکمی کۆماری ئیسلامی، ئه‌مریکا نه‌ک هیچ زیانێکی لێ نه‌که‌وت، به‌ڵکه ده قات هه‌ورازتریش قازانجی کرد.
ئه‌م قازانجهش به هۆی توندی و تیژییه‌کانی حکومه‌تی ئیسلامی و که‌لکه‌له‌ی ناردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ده‌ره‌وه و به‌کرێگرتنی ده‌یان و سه‌دان باسکی ترۆریستی له جیهان مسۆگه‌ر بوون. فیتنه‌گه‌ری و دژ کرداری و شه‌رخوازیی شێتانه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هه‌موو حکومه‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی به جۆرێک ترساند، که ناچاربوون ده‌ست و بردێک بکه‌ن و به لێشاو چه‌کی نوێ بکڕن. بازاڕی کڕینی باشترین چه‌کیش هه‌موو که‌س ده‌زانێ ماڵی له کوێیه. هه‌ر ئه‌و ئێرانه‌ش پسووله‌ی ڕه‌وای دایه ده‌ست ئه‌مریکا ، که ئه‌مریکا به مه‌به‌ستی ڕاوه ترۆریست پێ بنێته ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و، ئه‌مریکاش هات و به دانسته خۆی به دوو شوێن دا کرد؛ عێراق و ئه‌فغانستان.
خۆشباوهڕانی سیاسی پێیان وابوو و هێستایش هه‌ر له له‌و بڕوایه دان که بار و بارگنهی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مریکا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست چه‌شنه دیموکراسییه‌تێکی تێدایه که وێنه‌ی نییه. به‌ڵی ئه‌گه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش وه‌ک کورهیای باشوور له نێوان چین و کورهیای باکوور دا ههڵکهوتبایهن، ڕه‌نگ بوو سیاسه‌تی ئه‌مریکا هه‌ر ئه‌و هێلکه‌یه‌ی بۆ کردبایهین که له کورهیای باشوور دا کردوویه‌تی. به‌ڵام بانگه‌شه‌ی مایکرۆفۆنی ئه‌مریکا له ده‌می خۆ ته‌یارکردن بۆ شه‌ڕی دژه تڕۆر، جارانی جار ناوی(کورهیای باکوور، ئێران و عیراق)ی وه‌ک سێ شه‌یتانی به‌دفه‌ڕ لێ بیسترا و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنیشیان لێ کرا. من له کورهیای باکوور هیچ نازانم، به‌ڵام له نێوان ئێرانی ئیسلامی و عێراقی به‌عسی دا ده‌ست له ملم ده‌ده‌م که ئه‌گه‌رچی به‌عس چه‌په‌ڵ و به‌دکار و دژی مرۆڤ و کوشنده‌ی هه‌ر چه‌شنه ئازادییه‌ک بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر عێراقی به‌عسی و ئێرانی ئیسلامی له دوو تای ته‌رازوویه‌ک دا سه‌نگ و کێش بکرایه‌ن، بێ‌شک ئێران مارێکی حه‌وت سه‌ر و عێڕاقی به‌عسی مارمێلکه بوون. قانوونی ئێرانی ئیسلامی سووکایه‌تیه‌کی ڕه‌به‌قه به مرۆڤ، ده‌ستکرده‌که‌ی سازدانی کارخانه‌ی تڕۆر و ترساندن و تۆقاندنه. کرده‌وه‌ی هه‌فته و مانگ و ساڵانی له دار دان و هه‌ڵاوه‌سین و به‌رده‌بارانی ژنه. هه‌ر له سۆنگه‌ی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌دا، پێموایه ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا ڕاستگۆ و ڕاست کردار بوایه، ده‌بوایه له نێوان ئه‌و سێ شه‌یتانه دا سه‌ری ماری گه‌وره‌ی پان کردبایه‌وه. به‌ڵام به‌ر له هاتن و هێرش هێنانی ئه‌مریکا بۆ هه‌ر شوێنێک، ده‌یان پلان و نه‌خشه‌ی کورت ماوه و درێژ ماوه‌ی له هه‌گبه دایه. له هێرشی ئه‌مجاره‌ی دا، سه‌دام و چه‌ند سه‌رکرده‌ی به‌دکاری لێ کوشتن، به‌ڵام سیسته‌مه‌که‌ی بۆ شاردنه‌وه. شان به شان و به‌ره به‌ره کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیشی به شێوه‌یه‌ک شیواند، که نه باوک باوه‌ڕی به ڕۆڵه بێت و نه جیران دراوسێی خۆی وه‌رگرێت. سیاسه‌ت له به‌غدا دا به شێوه‌یه‌ک خۆی له ئایین هاڵاند، که جیا کردنه‌وه و هه‌ڵپه‌ساردنی ئایین له سیاسه‌ت، شۆڕشێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی پڕ زه‌بر و زه‌نگی پێویسته. هاوشانی دین و ئایین، سه‌رۆک هۆزانی چل ژنه‌ی خێوه‌ت نشین و شێخانی ته‌سبێح به‌ده‌ت و مه‌لایانی مزگه‌وت و تایفه و ڕه‌گه‌زه‌کانیش له ده‌وری دین کۆبوونه‌ته‌وه هه‌ر یه‌ک ئاڵای سیاسه‌تی خۆی به‌ده‌سته‌وه و له معادلاتی سیاسی دا جێگای بۆ خۆی کرده‌وه. بۆ وێنه، ئه‌و سه‌رۆک هۆزه‌ی که خاوه‌نی چه‌ند ژن و چه‌ند داره خورما و ژماره‌یه‌ک حوشتر و پارچه بیابانێکی سووتاوه و، به‌ر له ڕوخانی به‌عث، ئاگای له بیابانی ئه‌ولاتر نه‌بوو، ئێستا له بازنه‌ی سیاسه‌تی دیاری کردنی چاره‌نووسی عێراق خاوه‌ن ده‌نگه و، گوێ به که‌س نادا. شیواوه بازاڕێکی که له لایه‌ن ئه‌مریکاوه موهه‌ندیسی کراوه، پێی ئێران، تورکیا و عه‌ره‌بستانی سعودیشی کێشاوه‌ته ناو بازنه‌ی کێ به‌ر کێیه‌کی ئه‌و سه‌ر نادیار. له ڕاستیدا له‌ناو خێڵی ناته‌بای عێراق دا مۆره‌ی سه‌ربه‌خۆی تێدا نییه. ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیه، هه‌ر ئه‌و سیستمه‌یه که ئه‌مریکا بۆ ڕۆژی (مه‌بادا)ی ڕایگرتووه.
له یاریگه‌ی سیاسه‌تی عێراقدا، کورد له کوێیه و خه‌ریکی چییه؟
جارانی جار گوتراوه: نان، ئه‌و نانه‌یه ئیمڕۆ له خوانه. له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ئه‌مریکای دژ به هێزه‌کانی سه‌دام، کوردستان مێنگه‌ی ئارام و ئه‌هوه‌نی سه‌رباز و سیاسه‌توانی ئه‌مریکایی و، گه‌لی کورد ته‌نیا یار و یاوه‌ری شه‌ڕکه‌ری ئه‌مریکا بوو. سه‌رانی دوو حیزبی سه‌ره‌کیی کوردستان، وه‌ک قه‌ت پیلانی ئه‌مریکایان نه‌دیتبێت و تامی تاڵی فریوخواردنیان له بیر خۆ بردبێته‌وه، بوون به داشه‌هاره و به هه‌موو وڵات وه‌ربوون. ئه‌وه‌ی که به بیردانیاندا تێپه‌ڕ نه‌بووبێت، بیری چاره‌نووس و حاکمییه‌تی سه‌لمێندراوی قانوونی بوو. ته‌نانه‌ت دوای گیرانی سه‌دام و بزر بوونی هێزی شه‌ڕکه‌ر و قوات خاسهکهی ئه‌و ، کێشه‌ی کورد له تۆز و ته‌مێکی ده‌سکرد دا شاردرایه‌وه و بێده‌نگه‌ی لێ‌کرا. له به‌رامبه‌ر دا، ئه‌مریکا هه‌گبه‌ی پڕۆژه‌ی پڕ له گه‌نده‌ڵ فهندهڵی خۆی به ڕاشکراوی کرده‌وه و سه‌رانی کوردیشی چه‌شنی منداڵ به بووکه شووشه سه‌رقاڵی بده و بستێنه کردن. له‌م کایه و گه‌مه‌ی سه‌رۆکان دا توخم و تۆوی گه‌نده‌ڵیش خۆی کرده‌وه.
مرۆڤ گیاندارێکی کاسبکاره. ڕۆژ که دادێت و چاوی مرۆڤ به ڕووی دنیا دا ده‌کرێته‌وه، ئه‌ویش وه‌ک هه‌موو گیانداری تر خه‌ریکی گردهوهکۆشی و کۆ کردنه‌وه ده‌بێت. به‌ڵام مرۆڤ سه‌ره‌ڕای گردهوهکۆشی باری ئابووری، کولتورهکهیشی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کات و ئه‌وه‌ی که له سه‌ر ئه‌رزی واقع دا ده‌یی بینێت، ده‌یگرێت و له کۆلتورهکهی خۆی ده‌هاڵێنێت. من نا، به‌ڵام له ئێمه‌مانان ئاگادارتر ده‌ڵێن که پێشه‌کی و له سه‌رده‌می شۆڕشی شاخ و پێشمه‌رگه دا گه‌نده‌ڵیی خۆماڵی هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام توخم و تۆمی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی که به‌دانسته له هه‌گبه‌ی ئه‌مریکا ڕژایه سه‌ر خاکی کورد، گه‌نده‌ڵییه‌کی مۆدهرنی مۆدێل باڵا و باکلاس تر بوو، هه‌ربۆیه زۆر خێرا چه‌که‌ره‌ی دا و به ناو هه‌موو ده‌زگاکانی حکومی دا بڵاو بوویه‌وه.
به کورتی، له سای زۆر زانی و سه‌هه‌نده بوونی ئه‌مریکا و که‌مزانیی خۆمانه‌وه، بێگانه بوو به خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌ن ماڵ بوو به بێگانه. ئه‌و نانه‌ی که ده‌بوایه له سه‌ره‌تای کار دا بۆ گه‌لی کورد هاتبایه سه‌ر خوان، بوو به خشت و نانی ئه‌مریکا بوو به چۆرهگ.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا که پلان و نه‌خشه‌کانی ئه‌مریکا له ئه‌فغانستان و عێراقدا تۆمی بێچارهگییان به مه‌ڵبه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا پڕژاندوه ، ئیتر بوون و مانی ئه‌مریکا له عیراق زۆر پێویست نییه. تۆمی بێچارهگی وه‌ک ئاگری ناو پووشوو له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا خۆی ده‌کاته‌وه، نانی ئێمه ده‌بڕێت و ئه‌مریکا به کاوی دڵ شاد ده‌کات. هه‌ر له ئێستاکه‌وه شانۆی کۆمیک ـ تراژیک هاتۆته سه‌ر ئهکڕان. ئه‌مریکا له مه‌ڵبه‌ندی شێواو دا خه‌ریکی کلکه دزه‌یه و دۆستانی خۆی به دوژمنانیان ده‌سپێرێت. گه‌لی کورد له‌م شانۆیه دا له سه‌ر سه‌کۆی سه‌رکه‌وتن دا نابیندرێت. چونکه مافه‌که‌ی ده‌سته‌به‌ر نه‌کراوه، پڕۆژه‌یه‌کی تێدا وه‌گه‌ڕ نه‌که‌وتووه که خه‌ڵکه‌که‌ی به ئاره‌قی ته‌وێڵ به‌هره له خاک بستێنن و نان و خاکی خۆیان هه‌تا ئه‌و په‌ڕی خۆشه‌ویستی بپه‌ره‌ستن. به‌پێچه‌وانه، خاکی وڵات بۆته جێگای ڕاوڕاوێنی خه‌فێ و سیخور و کهرسهگ و سه‌رمایه‌دارانی تورک و ئاره‌ب و ئێرانی و، ئالووده کراوه. دۆستایه‌تیی بێ سنووری کورد و ئه‌مریکا، ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ورووژاندووه و کورد و ئیسرائیل پێکه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت. ئیسرائیل سێبه‌ری ئه‌مریکایه و بۆ کورد هیچی له ده‌ست نایه. ڕێگای ته‌نگ بۆته‌وه و وا دیاره ده‌بێ ڕێچاره‌یه‌ک بدۆزرێته‌وه.
سه‌رۆکی هه‌رێم ، هه‌ولێری پایته‌خت، خێڵی هه‌زار ئاڵا
ده‌وڵه‌تدارانی حکومه‌تێکی که هه‌ر ئێستا له به‌غدای پایته‌خت له ناو قه‌ڵای حه‌وت شۆره و دیوار دا پێکه‌وه شه‌ڕه دهندووکهیان، به نیازن حکومه‌تێکی نیشتمانی فره بنکه!! بۆ گه‌لانی عێراق دامه‌زرێنن. ئه‌م هه‌وڵ و خه‌باته‌یان ماوه‌یه‌کی دوور و درێژه، به‌ڵام خوا ناهه‌ق بگرێت که هه‌ر هۆز و تایفه و شێخ و ئایینزایه‌ک کارتێکی له باخه‌ڵ نراوه که هیچ کارتێک ئه‌وی تریان ناخوێنێته‌وه. ئه‌وان به‌مجۆره له خه‌بات دان و له ده‌ره‌وه‌ش ڕۆژ نییه له شه‌قام و مه‌یدان و مزگه‌وتاندا ده‌نگی ته‌قینه‌وه و هاواری مرۆڤی بێ تاوان به ئاسمان نه‌گات. ده‌وڵه‌ت دارانی ناو کۆشک و قه‌ڵای حه‌وت شووره و دیوار، چه‌شنی مشک له ترسی مار، به ڕۆژ نا‌وێرن له لانه بێنه ده‌رێ، به‌ڵام ئه‌رێ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تدارانه له هه‌ولێری په‌یته‌خت دا هه‌تاوی کوردستان لێیان بدات و شنه‌یه‌ک هه‌ڵمژن، هه‌یاران بڵێی کارته‌کانیان و ڕاسپارده‌کانیان له‌بیر بکه‌ن و چی تر به چاره‌نووسی خه‌ڵکی هه‌ژار کایه و گه‌مه‌ی بێشه‌رمانه نه‌که‌ن؟
هه‌ڵوێستی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم له ڕووی نیازپاکییه‌وه بێت یان له ترسی دوا ڕۆژ، ئه‌م به‌زم و هه‌رایه چلۆن لێک ده‌داته‌وه؟ ئه‌رێ ئه‌گه‌ر که‌سێک له ده‌نکی هه‌نار بترسێت،ده‌کرێ هه‌نارێکی هه‌ڵشۆی به زۆره‌ملی له ئه‌وکی بخه‌ی و له زیندوو مانیشی دڵنیا بیت؟
ڕێزدار کاک مه‌سعود له هه‌موو که‌س شاره‌زاتری تراژیدیاکه‌یه و له ده‌رچوونی ئه‌مریکا و بێ قه‌ول و قه‌راری و درۆ و ده‌له‌سه‌کانی واشنگتن به ئاگاتره. ئه‌مریکا دێموکراسییهتهکهی ده‌گه‌ڵ خۆی ده‌باته‌وه و ماڵی وێرانی به‌سه‌ر خه‌ڵکی عێراق دا جێ ده‌هێڵێت. درچوونی ئه‌مریکا به مانای سه‌رکه‌وتنی ئێران و تورکیایه؛ ئێران و تورکیا به خوێنی سه‌ری هه‌رێمی نیوه سه‌ربه‌خۆی کوردستان تینوون و ئه‌گه‌ر چاوی سه‌ریان بێ، به دوو قامکی خۆیان ده‌ری دێنن.
ده‌ڵێن: قاره‌مان که‌سێکه، که له سه‌رکه‌وتندا چلۆن بڕوای به ئامانجه و گیانی بۆ ده‌کاته قه‌ڵغان، له تێکشکانیشدا ئه‌و بڕوایه له ده‌ست نادات و گیانی بۆ ده‌کاته قه‌ڵغان. هێژای گوتنه که ئه‌مه دروشم نییه، به‌ڵکه گوته‌یه‌کی تاریخ سازه.
بانگهێشت کردنی تابوورانی پێنجه‌م بۆ هه‌ولێری پێته‌ختی شه‌هیدان، ئه‌گه‌ر من بوایه‌م نه‌مده‌کرد. به‌ڵکه سه‌ربه‌خۆیی گه‌ل و نیشتمانم ڕاده‌گه‌یاند و گیانی خۆیشم بۆ ده‌کرد به قه‌ڵغان؛ له سهرکهوتنمدا هه‌موو گه‌لم ده‌گه‌ل ده‌که‌وێت و له فیدابوونم دا تاریخ به قازانجی گه‌له‌که‌م ده‌نووسم و هه‌موو تاریخم ده‌گه‌ل ده‌بێت.
به ئه‌وپه‌ڕی ڕێز و حورمه‌ت ـ که‌ریم دانشیار
23/7/2010











